سەرەتا
بە نیاز بووم تەنیا بە قەد قورسایی و درووستکردنی پەیکەرکان بنووسم. بەڵام بە پێویستم زانی کە ئاماژە بەوەش بدەم کە بە هۆی هەلومەرجێکی دژوار کە لە کاتی بەرهەم هێنانی بەرهەمێکی هونەریدا، بە تایبەت پەیکەری "ئەسپ و سوار" رووبەڕووم دەبووەوە و بە هۆی گران بوونی کەرەسەی پێویست بۆ هۆنەری پەیکەرسازی لە ئوروپادا، ناچار دەبووم گەلێ جار بۆ ماوەیەکی درێژ کارەکەم راگرم و لە هەمان کاتیشدا بە زیانم دەزانی کە ئەزموونی رابردووم بە هەدەر بچێت و بێ کەڵک و دەستەوئەژنۆ دابنیشم.
من وەک تاکێکی کورد بێ ئەوەی منەت بکەم، بە ئەرکی خۆم دەزانم، بەو ئەندازەی کە لە هونەرەکەمدا ئەزموونم زۆرتر بێت، هەر بەو ئەندازەیش خۆم بە بەرپرسیار زانیوە و دەزانم کە چەند بەرهەمێکی هۆنەری و بە پێز لە دوای خۆم بە جێبهێڵم. تا بەڵکو بتوانێت کەلێنێک لە مۆزەخانەی هەژاری کوردستانی پێ پڕبه کرێتەوە و ببێتە هۆی دەوڵەمەندی هۆنهری کوردی۰
بۆ ئەم مەبەستەش ئەگەر پێوویست بکات تەنانەت لە ژەم و دەمی خۆم دەگرمەوە، بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە کاری هونەریمدا و ئاسەوارێکی وەها بهێنمە بەرهەم کە شوێنەواری چوارپارچەی پێوە دیار نەبێت و تەنیا راستیەکان بدرکێنێت.
لە کۆتاییدا هیوادارم کە ئەو رۆژە بێت کە گەلی کوردیش ببێتە خاوەن تەلەفزیونی نەتەوەیی خۆی، تا بە بێ هەڵاواردن و جیاوازی، هونەری هونەرمەندانی خاوەن بەهرە پیشان بدرێت و بینەری کوردیش لەگەڵ هونەری پێشکەوتوو و سەردەمی ئاشنا بکرێت.
هەر وەها هیوادارم کە رۆژێک بێت کە بتوانم پەیکەری گەورەی "ئەسپ و سوار" دروست بکەم و لە گۆڕەپانی شارەکانی کوردستان دابنرێت.
بەرزایی پەیکەری "ئەسپ و سوار" لە ئاڵاوە تا خوارەوە ٨٠ سانتیمەتر و درێژایی ٧٥ سانتی مەتره.