ئەحمەدی خانی
لەسەر بڕیار و سەرمایەی خۆم، پەیکەری زانا و هۆزانڤانی ناوداری کورد نەمر "ئەحمەدی خانی" م بۆ کۆنفرانسی سێ سەدەمین ساڵیادی ئەو نەمرەی کورد ئامادەکرد و، چەند دانەیەکم لێ دروست کرد. بۆ ئەوەی لە ناونەچێت پێشکەشم کرد بەم ناوەندانە: ١. ئەنستیتۆی کورد لە بڕلین. ٢. یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان لە سلێمانی.
لە سەر داخوازی کەسێک کە جێگای متمانەم بوو، پەیکەرێکی نەمر خانیم دایە دەست کەسێک بە ناوی "هەڵکەوت زاهیر" راوێژکاری هونەری بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، کە بڕیار وابوو بیگەیێنێتە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەوە ماوەی چوارساڵە ئەو بەڕێزە ئاگاداری نەکردوومەتەوە کە چی بە سەر پەیکەرەکەدا هێناوە. ئەگەر ئەمە ئەمەگ و وەفای راوێژکاری هونەری بێت لە بەرانبەر هونەر و هونەرمەنداندا، ئاخۆ کەسانیتر لە بەرامبەر هونەرمەند و هونەری کوردا چی بکەن؟!
ساڵی رابردو بڕیارم دا بە شێوەیەکی یاسایی لە جێژنی نەورۆزی (٢٧١١) ئامێددا بەشداری بکەم و هەروەها پەیکەرێکی نەمر خانیش وەک دیاری پێشکەش بە بەڕێز کاک عوسمان باێدەمێر(سهرۆکی شارهوانی ئامێد) و خەڵکی ئهو شاره بکەم، بەڵام مەخابن لە فرۆکەخانەی ئەستامبوڵ ئیزنی چوون بۆ ئامێدیان پێنەدام و پاش شەوێک زیندانی کردن لە شوێنێکی سارد و چەپەڵدا و پاش ئەوەی هەرچی رق و تووڕەییان کە لە کورد هەیە بەسەر منیاندا رژاندیان وبە دەست بە سەری گەڕاندمیانەوە بۆ ئەڵمانیا.
بەڵام بە خۆشییەوە چەند مرۆڤێکی دڵسۆز و نیاز پاکی کوردی کوردستانی باکوور، کە لە فرۆکەکەدا هاوڕێی رێگام بوون، لە سەر داخوازی خۆم، بەرگدانەکەم کە پەیکەرەکەی تێدا بوو لەگەڵ خۆیان بردیان و پەیکەرەکەیان گەیاندە دەستی کاک عوسمان باندەمێر و بۆ دڵنیایی من چەند وێنەیەکیان لە کاتی پێشکەش کردنی پەیکەرەکەدا گرتبوو کە لەگەڵ گەڕاندنەوەی بەرگەدانەکەدا گەیاندیانە دەستم. بۆیە بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئەو بەڕێزانە بکەم بۆ ئەو ئهمهگناسی و هەڵوێستە راست و رەوایان کە بەرانبەر بە هۆنەر و هونەرمەندی کورد نواندیان.